ویرگول
ورودثبت نام
زانا کوردستانی
زانا کوردستانیمردی گمنام عاشق لیلا و رها...
زانا کوردستانی
زانا کوردستانی
خواندن ۱۰ دقیقه·۸ ساعت پیش

مەولود ئیبراهیم

کاک "مەولود ئیبراهیم حەسەن" شاعیری هاوچه‌رخی کورد له یه‌کی خاکەلێوەی ساڵی ۱۹۶۵ زایەنی لە هەولێر لە دایک بوو.


کاک مولود، پسپۆڕی لە ئەفسانە و مێژووی ئەفسانەی کوردی
بەکالۆریۆس: بەشی زمان و ئەدەبی فارسی بەغدا ۱۹۸۴ زایه‌نی
ماستەری له زانکۆی سلێمانی -بەشی کوردی -گەڕان بە دوای نەمرییدا لە ئەفسانەی کوردی و فارسی - ۲۰۰۰ زایه‌نی
دکتۆرای له زانکۆی سەڵاحەدین -کۆلیژی زمان-پێکهاتەی ئەفسانەی کوردی -هەولێر ۲۰۰۷
پڕۆفیسۆری یاریدەدەری له زانکۆی سەڵاحەدین - ۲۰۱۱ گرتووه.

◇ بەرهەمە چاپکراوەکان - لێکۆڵینەوە:-
- قەدەغەشکێنی -لێکۆڵینەوەیەکی گشتییە لە ئەفسانەی کوردی - ۲۰۰۰ سلێمانی
- گەڕان بە دوای نەمرییدا لە ئەفسانەی کوردی و فارسی-هەولێر - ۲۰۰۲
- پێکهاتەی ئەفسانەی کوردی - ۲۰۰۷ سلێمانی.
- نەورۆزی کورد... لەئەفسانەوە بۆ بەجیهانییبوون. ۲۰۱۲
- نەورۆز... کۆنترین جەژن... کوردیترین جەژن. ۲۰۲۴
- ساواک بۆچی (حەسەن زیرەک)ی کوشت؟ هەولێر - ۲۰۱۲
- فێربوونی زمان بە لە بەرگرتنەوە، لێکۆڵینەوەیەکی تیۆری پێشبینیکارە - ۲۰۱۵ - سلێمانی.
و...

◇ کۆکردنەوەی کلتورو فۆڵکلۆر:
- هێڵکەی نامێ - بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم. هەولێر - ۲۰۰۶
- هێڵکەی نامێ-بەرگی یەکەم-بەشی دووەم .هەولێر - ۲۰۰۶
- تێرنەخۆرە، بەرگی یەکەم، بەشی سێیەم.هە وڵیر - ۲۰۰۸
- زیاتر لە عەشقێک، بەرگی یەکەم، بەشی چوارەم. هەولێر - ۲۰۰۸
و...

◇ بەرهەمە ئەدەبییەکان:
- وریابن خەوتان لێ نەکەوێ! چیرۆک بۆ مێرمنداڵان - بەغدا - ۱۹۸۱
- گۆرانی ئازادی، چیرۆک بۆمیرمنداڵان، هە ولیر - ۲۰۱۲
- خۆت لە من بزر مەکە! هەڵبەست - بەغدا - ۱۹۸۵
- هەموو شەڕەکان لەگەڵ منن، هەڵبەست - ۲۰۲۳
- بەردەژن، ڕۆمان، سلێمانی - ۲۰۰۱
- پیری کێوان، ڕۆمان، سلێمانی - ۲۰۰۴
- پێڵاوی شنگالییەکان، هەڵبەست، هە ولیر - ۲۰۱۵
- مەرگی سەگ، کوورتە چیرۆک، هەولێر - ۲۰۱۷
- ئینسکلۆپیدیای هە وڵیر - بەڕێوەبەری گشتی - لەگەڵ چەند بەڕێزێک - هەولێر - ۲۰۰۹
و...

◇ ڕۆژنامەوگۆڤار:
- کوردستانی نوێ - ئەندامی دامەزرێنەروئەندامی یەکەمین دەستەی نووسەران - هەولیر - ۱۹۹۲
و...

◇ گۆڤاری منداڵان:
- پەڕەسێلکە - بەڕێوەبەری گشتی - هەوڵیر - ۱۹۹۱
- پەریستان، سکرتیری نووسین، هەولێر - ۱۹۹۲
- هەنگ، سکرتیری نووسین، هەولێر - ۱۹۹۳
و...

◇ بەرنامەی ڕادیۆیی:
- دەنگی زارۆکان. ئامادەکردن و پێشکەشکردن بەناوی یەکێتی نووسەران لە ههردوو ڕادیۆی - دەنگی گەلی کوردستان و دەنگی باشووری کوردستان - ڕواندز - ۱۹۹۱
- بڵاوکردنەوەی بەردەوامی هەڵبەستو نووسین و وتار و زنجیرەنووسین ولێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆیی و دەروە. لە ۱۹۸۴ ەوە. تا ئێستاش بەردەوامە.
- چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەیی و ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنی لەناوەو دەرەوی کۆردستان و بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی
- تەواوی چاوپێکەوتنە ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنییەکان لە مالپەری
و...

─━⊰═•••❃❀❃•••═⊱━─

(۱)
[کە شەڕ کۆتایی هات...!!]
کەشەڕ کۆتایی هات
وەرە ئەی دوژمنە یەکتر کوژەکەم
وەرە تۆ هەموو چەکە کوشەندەکانی شەڕ فڕێدە و
من هەموو برینەکانی جەستەم
***
کە شەڕ کۆتایی هات
وەر ئەی دوژمنە یەکتر کوژەکەم
وەرە
تۆ هەموو هەنجەت و توڕەییەکانی شەڕ فڕێدەو
منیش هەموو هیوا تێکشکاوەکانم کۆدەکەمەوە 
***
کە شەڕ کۆتایی هات
ئەی دوژمنە لە مێژینەکەم
وەرە
تۆ هەموو شارەزاییەکانی خۆت لە شەڕ فڕێدەو
منیش هەموو هونەرەکانی هەڵاتن
***
کە شەڕ کۆتایی هات
وەرە ئەی شەڕکەری دێرین
وەرە
تۆ ماڵە جێماوە لە بیرکراوەکەت بدۆزەرەوە
منیش کاولە تێکدراوو ڕوخاوەکەم
***
کە شەڕ کۆتایی هات
وەرە ئەی پاڵەوانی دەروون پڕ لە چێڕۆکی کوشتن
وەرە
وەرە تۆ ژن و منداڵەکانت کۆکەرەوەو
منیش گۆڕی ونبووەکانم دەدۆزمەوە
***
کە شەڕ کۆتایی هات
وەرە ئەی پاڵەوانی دەست بەتاڵ
وەرە
وەرە تۆ سەر لە نوێ بچۆرەوە قوتابخانەو
منیش ڕێگای گێڵگە دەگرمەبەر
***
کە شەڕ کۆتایی هات
             کە شەڕ کۆتایی هات
                         کە شەڕ کۆتایی هات 

(۲)
لە بیرتە
لە خانەی پیران
ئەو شەوەی کارەبا بڕا
پیرەکان
خەویان لێ نەدەکەوت
هاواریان دەکرد
بەرداغیان دەشکاند
من و تۆ
هێمن هێمن
لە بەردەم چرای خۆشەویستی
چیڕۆکی خۆشەویستی خۆمان
بۆ یەکتر دەگێڕایەوە

(۳)
ئەو ڕۆژە
لێکۆڵەرێک هاتبوو
یەک یەک
لە پیرەکانی دەپرسی
خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانت کامە بوو؟
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی منداڵى
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی گەنجی
یەکێ دەیگوت هیچ ڕۆژێکیان
من و تۆ بووین
گوتمان هەموو تەمەنمان

(۴)
دوێنێ دەروونناسێک هاتبوو
یەک و لاپەڕەی دا بە هەموومان
گوتی
چێتان پێخۆشە ئەوە بنووسن
یەکێ نووسیبووی
خۆزگە پیریی نەبووایە
یەکێ نووسیبووی
ئێرە دۆزەخە
یەکێ نووسیبووی
بۆ چ نامرم
من و تۆش نووسیمان
ژیان خۆشەویستییە

(۵)
ئیدارەی خانەی پیران
داوایانکرد
هەریەکەو وێنەیەک
بەگەورەیی
بەسەر سەری خۆمان هەڵواسین
یەکێ وێنەی منداڵی
یەکێ وێنەی چوونە قوتابخانەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی شاییەکەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دەرچوونی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دامەزرانی
ئێمەش
ئەلبوومی تەمەنی
پڕ خۆشەویستی خۆمان
هەڵواسی

(۶)
هەموو ساڵێ
لە خانەی پیران
من و تۆ
بەهۆی خۆشەویستی
بەردەواممان
بەهۆی بێ کێشەییمان
بەهۆی پاک و خاوێنیمان
ئیدارە
بە دزی خەڵاتمان دەکەن
نەوەک پیرەکانی تر توڕەبن

(۷)
ئیدارەی خانەی پیران
بێ تاقەت بوون
هێندەی
ڕۆژی لە دایکبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژى یەکترناسینمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی شاییەکەمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی دامەزراندنمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی خانەنشینبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی هاتنە خانەی پیرانیمان
بۆ بکەن بە جەژن

(۸)
هونەرمەندێکیان هێنابوو
ئیدارەی خانەی پیران
بۆ دڵخۆش کردنمان
گەرم گەرم گۆرانی دەگوت
پیرەکان
چیە ئەم دەنگە دەنگە
ئەم هەراو چەقە چەقە
بیبڕنەوە بێزار بووین
من و تۆش
دەستمان گرتبوو
سووک سووک
شاد شاد
منداڵانە شاییمان دەکرد

(۹)
سەیرکە
لە سایەی خۆشەویستیمان
لە منداڵیەوە
شەوانی درێژمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە خەونی جوان جوان
ڕۆژانی کورتمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە گێڕانەوەی خۆش خۆش
ئێمە وەک ئەو پیرانە نین
هەر زوو
بۆ یەکتر کوژانەوە

(۱۰)
سەیرکە
ئێمە لە سایەی
ئەو عەشقە منداڵیەمان
لە خانەی پیران
هەموو کاتێکمان
وەک یەکەمین ژووانە
هەموو یەکتر بینینمان
یەکەمین یەکتر بینینە
هەموو شەوێکمان
شەوی یەکەمی
بووک و زاوایەتیمانە
هەموو بەیانیەکمان
یەکەمین بەیانی
شەوی یەکەمین پێکەوە بوونمانە

(۱۱)
زۆرم لا سەیرە
ئەو ژن و مێردە پیرانە دەبینم
ڕۆژانە بەشەڕ دێن
قسە پێک دەڵێن
لێک زویر دەبن
پێکنایێنەوە
کەچی ئێمە
شەو و ڕۆژ
مانگ و ساڵ
هەموو تەمەن بەشی
یەکتر خۆشویستنمان ناکات

(۱۲)
سەیرکە
چۆن ئیدارەی
خانەی پیران
حەوشەکەی پڕکردووە
لە گوڵی سوور
لەو ڕۆژەوە
کە بینیان
من هەموو بەیانیەک
گوڵێکی سوور
پێشکەش بە تۆ دەکەم

(۱۳)
سەیرکە
ئەمساڵ سەری ساڵ
چیشت لێنەرەکەی خانەی پیران
تاکانەترین خەڵات و
سەیرترین خەڵاتی
بە من و تۆ بەخشی
بەهۆی ئەوەی
تا ئێستا
داوای هیچ خواردنێکی
تایبەتمان نەکردووە
هیچ خواردنێکمان
ڕەتنەکردووتەوە
بۆ ئێمە
هەموو خواردنەکان
ئەو سارد و لەفەیەن
یەکەمین جار پێکەوە خواردمان

(۱۴)
دکتۆرەکەی
خانەی پیران سەرسامە
تا ئێستا
ئێمە لە سایەی
یەکتر خۆشویستنمانەوە
داوای
هیچ حەبێکی سەرێشە
هیچ حەبێکی
بەرزە خوێن
هیچ حەبێکی
خەولێنەکەوتنمان لێ نەکردووە

(۱۵)
تۆ دەزانی
هەموو ژن و مێردە پیرەکانی
خانەی پیران
دەمانبوغزێنن
لەبەرئەوەی بەردەوام
لە ئیدارەوە پێیان دەڵێن
ئێوە بۆچی
وەک ئەم دووانە
خۆشەویست و تەبا نین

(۱۶)
هەفتانە
لە خانەی پیران
مەلایەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
قەشەیەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
دەروونناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
کۆمەڵناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
هیچ ژن و مێردێک
گوێیان لێناگرن
من و تۆ
لە سایەی خۆشەویستیەوە
بەردەوام
قوتابی هەمووانین

(۱۷)
ڕەنگەکانیان هەمووی داگیر کردووە
زەرد و
سەوز و
سوور و شین و مۆر و زۆر
ئێمە بێ ڕەنگ و بێ ناو و بێ نیشانین
بە هەردووکمان
یەک نیشانەمان هەیە
ئەویش بێ نیشانییە

(۱۸)
دایکم زۆرجار دەیگوت
واز لەم کچە بێنە
کوڕم خەریکی دەرسەکانتبە
دەمگوت دایە
ئەو کچەش دەرسە
دەرسی چی کوڕم؟
دەرسی عەشق
بە خوا ڕۆڵە
دوا ڕۆژی خۆت
بە قوربانی ئەم کچەتیوە دەکەی

(۱۹)
لە بیرتە گوڵم
کە منداڵ بووین
خەڵک پێکەوەیان دەبینین
دەیانگوت بێ ڕەوشتن
ئێستا
هەر ئەو خەڵکە بەم پیرییەوە
خەریکی ئەو بێ ڕەوشتیەن

(۲۰)
دڵ وشکەکان
کە پێکەوەیان دەدیتین
بە منداڵى
زۆر چیڕۆکی ناشیرینان
بۆ دروست دەکردین
ئێستا
هەر یەک چیڕۆک ماوەتەوە
ئەم دووانە بە منداڵیش هەر
یەکتریان خۆشدەویست

(۲۱)
زۆر جار
بە قسەی خەڵک
دارکاری کراوین
بە منداڵی
لەسەر یەکتر خۆشویستن
ئێستا
لە سایەی ئەو عەشقەوە
لە خانەی بەساڵاچووان
خەڵات و چەپکە گوڵى
کۆنترین دوو خۆشەویستمان
پێشکەش دەکەن

(۲۲)
خەریکم سەفەر دەکەم
دەچمە هەندەران
بیستوومە لە هەندەرانی
ئەرێ
هەندەران
چەند وڵات و
چەند شار و
چەند گەڕەک و
چەند ماڵە؟
تۆ لە نێو دڵی
کام ماڵمی؟

(۲۳)
هەر لە منداڵیەوە
زۆرم ئازار چەشت
بەدەست
خزم و
دۆست و
نەناسەوە
هەموو شتێکم لە بیرکردووە
ئەگەر
خۆشەویستی تۆ نەبا
خۆشم خۆم نەدەناسیەوە

(۲۴)
بیستوومە
بەربژێرکراوی
بۆ پەرلەمان
نازانم سەر بە کام لیست و
لە کام بڕی
دنیایە
ئەگەر دەرچووی
نەکەی تۆش
ساڵ دوازدەی مانگ
هەموو ڕۆژێ
کراسێکی نوێ بکڕی

(۲۵)
منداڵ بووین
خەیاڵمان زۆر
دەوڵەمەند و
ڕەنگاوڕەنگ بوو
ئێستا پیر بووین
خەیاڵمان نەماوە
چاومان
بە ئاستەم
یەک ڕەنگ دەبینێ
ئەویش ڕەنگی پێکەوەییە

(۲۶)
منداڵ بووین و
هەموو جارێ
کتێبی کوردی تۆم دەدزی
چ خۆش بوو
دەهاتیت و دەپاڕایتەوە
تا بتدەمەوە
ئێستا پیربووین و
تۆ دڵی منت دزیووە
بە پاڕانەوش نامدەیتەوە

(۲۷)
منداڵیت بەرم نادا
ئێستاش
بەم سەری سپی و
و چاوی کز و
دەستی لەرزۆک و خانەنشینیمەوە
بەیانیان
جانتاکەم هەڵدەگرم و
ڕێی قوتابخانە دەگرمەبەر
چاو لە تۆ دەگێڕم
هەر کچێک دەبینم
دەڵێم بەیانی باش پەری

(۲۸)
لە خانەی پیران
هەموو هاوتەمەنەکانم
گاڵتەم پێدەکەن و لێم بێزارن
دەڵێن چ پەری پەریتە
چەند هەست بە تەنیایی دەکەم
هاوپیرییەکی
خاوەن پەریم نییە

(۲۹)
ئەو ڕۆژەی گوتیان دەتگوێزنەوە
بۆ کەسێکی تر
من ژوورێکم ڕازاندەوە
جلی زاواییم کردە بەرو
بۆنی زاوایەتیم لە خۆم دا
ئێستاش
ئەو ژوورە هەر ڕازاوەتەوە
جلی زاواییەکەم هەرماوە
ئەو بۆنی زاوایەتیە
هێشتا بەری نەدوام

(۳۰)
منداڵیت بەرینەداوم
من هیچ گەورە نەبوویم
گەڕەک، شار
هیچ نەگۆڕاون
هێشتا سەردەمی پاشایەتیە
ساڵی یەکەمی قوتابخانەمانە
چ خۆشە
هەردووکمان
فێر بووین
ناوی یەکتر بنووسین

(۳۱)
لە بیرتە
لە ڕێی قوتابخانە
لە نێوان (کوران) و (ئازادی)
پێڵاوەکانمان لە نێو قوڕ بەجێدەمان
من ئێستاش
دڵم لەوێ بەجێماوە

(۳۲)
دەترسم
ئێستا نەمناسیتەوە
هەموو شتێک لە من گۆڕاوە
چاو نەبێت
دەترسم نەتناسمەوە
ئێستا
هەموو شتێک لە تۆ گۆڕاوە
چاو نەبێت
گرنگ ئەوەیە
چاوم بەچاوت بکەوێتەوە

(۳۳)
تکایە
ئەگەر مامۆستا لێی پرسی
سێ جاران سێ دەکاتە چەند؟
نەکەی بڵێی دەکاتە نۆ
من ڕقم لە ژمارە نۆیە
زۆر دەترسم
لە نۆ ساڵیدا بتدەن بە شوو

(۳۴)
گەنجەکان
لۆمەم دەکەن
دەڵێن بەم پیری و سەری سپی و
خانەنشینیەوە
شیعری منداڵانە دەنووسی
گەنجەکان
نازانن سبەینێ
کە دەچنە تەمەنەوە
ئەوانیش
حەزدەکەن ببنەوە منداڵ

(۳۵)
هەژار بووین
هەردووکمان
پێکەوە
لەفەیەک و ساردییەکمان کڕی
قەپێک تۆ
قومێک من
قومێک تۆ
قەپێک من
ئێمە یەکەمین دوو منداڵ بووین
لە ساییەی خۆشەویستیەوە
یاسای وەک یەکییمان جێ بەجێکرد

(۳۶)
بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمە
بێ ژمارە
بێ لیست
بێ حزب
بێ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن
بێ کارت
بێ ڕۆژی دیاری کراو
بێ پەنجە مۆرکردن
من بۆ هەمیشە
تۆ هەڵدەبژێرم تۆ

(۳۷)
ئێستاش
بەم پیریەوە
هەرجارێکی
دەچمەوە گەڕەکی منداڵى
تەمەن لە بیردەکەم
بە دوای خانووە
کۆنەکەتان دا دەگەڕێم

(۳۸)
لە قوتابخانە
هەموو جارێ
پارچە کاغەزێکت دەخستە
نێو جانتاکەم
لێی نووسرابوو خۆشم دەوێی
ئێستاش
بەم خانەنشینیە
لە نێو هەموو جانتکانم
بەدوای ئەم پارچە کاغەزە دا دەگەڕێم

(۳۹)
چومە لای دکتۆر
بۆ چارەسەری
گووتی کوێت دێشی؟
گوتم پەری
گووتی هۆی چیە؟
گوتم پەری
گووتی لە کەیەوە؟
گوتم پەری
گووتی لەگەڵ کێ؟
گوتم پەری
دکتۆر گوتی
خەرەفاوە

(۴۰)
ڕۆژی یەکەمی
چوونە قوتابخانەمان
گوڵێکت پێدام
خستمە نێو کتێبی ئەلف و بێوە
ئێستاش
بەم پیریەوە
هەر کتێبێکم دەسکەوێ
بەدوای ئەم گوڵی دیاری
منداڵیە دا دەگەڕێم

(۴۱)
لە تاقیکردنەوەی بیرکاری
هەردووکمان
نمرەی تەواومان وەردەگرت
ئێستا
پیر بووم
یەک و یەکم بۆ کۆ ناکرێتەوە
وەرە بەم پیریە
هەردووکمان ببین بەیەک

(۴۲)
لە قوتابخانە فێریان کردین
پێویستە مامۆستا و
دایک و باوکمان خۆشبووێ
خوێندنمان تەواوکرد
کەس پێی نەگوتین
پێویستە
یەکترتان خۆش بووێ

(۴۳)
لە قوتابخانە
لە وانەی ئایین
فێریان کردین
هەموومان دواجار دەمرین
گەورە بووین
کەس پێێ نەگوتین
ئێستا
پێویستە یەکترتان خۆشبوێ

(۴۴)
نەورۆز بوو
ئاگرمان کردەوە
پۆلیس دوامان کەوت
لە ترسا خۆت خستە باوەشم
ئێستاش
کە پۆلیس دەبینم
وا دەزانم نەورۆزە

(۴۵)
من بەخۆشەویستی تۆوە
لەدایک بووم
ناوکم بڕا
چاوم بە خۆشەویستی تۆوە
کرایەوە
بەشیری خۆشەویستی تۆوە
مەمکدرام
دارە دارەمکرد
بەخۆشەویستی تۆوە
زارم پژا
کەوتمە سەرپێ
بە خۆشەویستی تۆوە
لە دایک بووم
لە وڵاتی خۆشەویستی تۆوە
گەورە بووم
لە نێو خۆشەویستی تۆشدا
دەمرم

(۴۶)
لە هەموو گەڕەک
تەنیا من و تۆ
زۆر بە منداڵی
یەکترمان خۆشدەویست
خەڵکەکە هەموو
بە سوک سەیریان دەکردین
ئێستاش
تێنەگەیشتم
خۆشەویستی بۆچی سوکایەتیە

(۴۷)
زوڵفەکانت
وەک تیرە ماری ڕەش
بە نێو پەنجەکانم دا خزین
چ جوان و پڕ ترس بوو
ڕۆیشتنەکەت

(۴۸)
بە منداڵى
باوەشم
پڕ لە گەرمایی
کورتە خەوی تۆ بوو
ئەى ژن
ئێستا بەفریش دەبارێ
من هەر تۆم لە باوەشە

(۴۹)
بە گێڕانەوەی چیڕۆکی
شەڕو ئاشتبوونەوەی منداڵیمان
خەوم لێکەوت
وەرە
بە قژڕاکێشانەکانی گەنجی
خەبەرم کەوە

(۵۰)
ئەو خواردنە سادەیەی
جاری یەکەم
پێکەوە خواردمان
چەندین ساڵە
لێ ناگەڕێ برسیبم
نانخواردن لە گەڵ تۆ
چەند ئابووریە

(۵۱)
کە منداڵ بووی
یەکەمجار
لێنەگەڕای ماچت کەم
هەموو ماچەکانی گەنجیمان
تۆڵەی ئەو ماچەی
بۆ نەکردوومەتەوە

(۵۲)
سێوی نەگەییوی
حەوشەکەتانمان لێکردەوە
دایکت هاواری کرد
لێگەڕێن
با گەورەبێت
چ خۆش بوو
گەورە نەبووباین

(۵۳)
کە منداڵ بووین
زۆر دەترساین
خەڵک پێکەوە بمانبێنن
بە گەنجی چەند دڵخۆش بووین
کە بە یێکەوە دەبینراین

(۵۴)
ئەگەر ئەم نیشتمانە
هی من بووایە
وەک بەرماڵی نوێژ
لولم دەداو
دەمخستە نێو جانتا
پڕ لە سەفەرەکەم
ئازادی...
خۆت بگرە هاتم
تا لە مەو دوا
هیچ نوێژێکم
بێ نیشتمان
بێ( ئازادیی) نەکردبا

ئەگەر ئەم نیشتمانە
هی من بووایە
بەو خاکە بە پیتەوە
بەکرێ دەمدایە چینییەکان
بیکەن
بە کێڵگەی برنج
تا چیتر
لەم وڵاتە کەس
لە برسان خۆی نەکوشتبا

ئەگەر ئەم نیشتمانە
هی من بووایە
دەمدا بە هۆلەندییەکان
بیکەن
بە گوڵزارو گوڵشەن
تا لە مەو دوا
هیچ گەنجێک بۆ ژوان
بە بێ گوڵ نە ڕۆیشتبا

ئەگەر ئەم نیشتمانە
هی من بووایە
دەمدا بەهیندییەکان
بیکەن بەمەیدانی
جەژنی ڕەنگەکان
بۆ ئەوەی
لە مەودوا هاوڵاتی
هه موو ڕەنگەکانی
پێکەوە ڕشتبا

ئەگەر ئەم نیشتمانە
هی من بووایە
ئاشی ژیانم تێدا
دادەمەزراند
بۆ ئەوەی لە مەودووا
نیشتمان
بیست و چوار سەعاتە
چآوی بە کلی( ژیان) ڕشتبا

(۵۵)
ڕۆژانێکی دوورو درێژە
ئاهی هه ناسەی من هه ڵدەمژی و
خوێنی دڵم دەخۆیتەوەو
بە گۆچانی ئێسکما
بە بەژنی ڕۆژگار هه ڵدەگەڕیی،
تەنیاو تاک هه‌ردێی و دێی
دەگەیتە جێ و بەڕێگاوەی...

(۵۶)
لە گەڵ گزنگی بەیانا
سواری پاپۆڕی تیشک دەبی و
بەسەر شەوپۆڵی چیاکاندا ڕادەبری
لە بەندەری دڵما هه ڵوەستەیەک دەکەیت و
لە گەڵ تارمایی شەوا دەڕۆیتەوە،
هه واڵ بە چاوی مانگ هه ڵدەواسی و
بزە لە گەڵ ئەستیرەکان دەکەی
لە شەوی بێ ئەستێرەو مانگ
زۆر بە توندی، بە پەنجە نەرمەکانت
لە دەرگای دڵ دەدی
لە پێ دەشتا بە پێ دزە
دەمی ئەستێرەکان دەگری و
بە هێمنی، بە کرێ
گە شتە بێ کۆتاییەکەت
دەچنی و دەچنیتەوەو..!

(۵۷)
برینت لە خۆشەویستیم قووڵترە
خۆشەویستیت لە تەمەنم درێژترە،
ئێش وژانی
برین و زامی خۆشەویستیت
لە گەڵ هه موو کوڵانەوەیەکیا
تامی ژینێکی نوێم دەداتێ و
دەرگای بە هه شتێکی تازەم لێ دەکاتەوە،
-لە کوێوە بەڕێ کەوتی؟
-لە کە ینێوە بەڕێوەی؟
نهێنیەکە هه رخۆت دەیزانی و
تارماییەکە هه رخۆت ڕی بەدی دەکەی؟!
-زۆرم خویندیەوەو تێتنەگەیشتم!
تێتگەیشتم و نە متوانی بتڵێمەوە،
گوتتمەوەو گوێان لێمنەگرت،
گوێیان لیم گرت و تێمنە گەیشتن!
تێمگە یشتن و دەنگیان نەکرد!!

(۵۸)
ئای چەند جارە
پێ لە شوێن پیی خۆم دەنێم و
بە ڕێی هاتنی خۆم ناکەومەوە!؟
دە تبینم لە گەڵ خوناوا دێی
بە سای هه ڵما دەڕۆیتەوە
لە گەڵ هه موو جوانیێکا دێیت
لە تە قەی نالی ئەسپا سل دەکەی
هه ردێیت و دەڕۆیتەوەو دێی
کە چی هێشتا نازانم و
تێتناگەم!
تۆ ڕێبواری یان خانە خوێی؟!

(۵۹)
تاقانەکەم
دەزانم تۆش وەکو من
دڵ پر حەزی
خۆشت دەوێم
ساڵێ جارێ سەر بە ماڵێ دڵم دادەگری
گیر نابی وڕادەبری!
بەڵام؛ بزانە من چەندان جار
ئەوەندەی تۆ
تۆم خۆشدەوێ و هه وڵدەدەم
ببی بە گوڵزار
گوڵی هه رچوارکەژی ساڵت تێدا بڕوی
ببیت بە یار
شەو لە گەڵما بنوی بدوێی
ڕۆژ لە گەڵما بێیتە کار
ڕۆژ لەگەڵما
بێیتە کار!!

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی

۰
۰
زانا کوردستانی
زانا کوردستانی
مردی گمنام عاشق لیلا و رها...
شاید از این پست‌ها خوشتان بیاید