ویرگول
ورودثبت نام
زانا کوردستانی
زانا کوردستانیمردی گمنام عاشق لیلا و رها...
زانا کوردستانی
زانا کوردستانی
خواندن ۳ دقیقه·۱ ماه پیش

هۆگر ڕەنجدەر

ماموستا "هۆگر ڕەنجدەر" شاعیر کورد خەڵکی شاڕی هەوڵیر لە باکووری کوردستانە.

─━⊰═•••❃❀❃•••═⊱━─

(۱)
دەستت گرتم
منت بردە بەر باران و
فێرت کردم
کە " با " ی وەشتم زۆر خۆش بوێ
نیشانتدام
لەبن لێوی خەمەکانیش
گوڵ چۆن دەڕوێ

خۆشەویستیت
زۆر وانەی جوانی فێرکردم
باڵی پێدام
بۆ بەرزایی و لووتکەی بردم

بۆیە لای من
تۆ پیرۆزی
خۆزگەکانم
لەچاوانت هەڵچنیوە
ئەو بەهەشتەی
کەهەمیشە باسی دەکەن
بەرلەمردن
زیاترت پێم بەخشیوە

(۲)
من دەستی جوانیی و
پڕڤینم درێژکرد،
تا دەستی بگرم،
گرەو لە شەوی نووتەك بەینەوە...

لەنیوەی ڕێگا
ئەو دەستی بەردام
تازە چۆن دەکرێ،
باڵی هەزاران وشەی هەڵفڕیو
بەقردێلەی ڕەش گرێ دەینەوە؟!

(۳)
هەتا من مابم
نایەمەوە ڕێت
چیتر چاوەڕێی هیچ لەتۆ ناکەم
نابم بەئاگر تابتسوتێنم
نابم بەزریان فوو لە چراکەم

تۆ ڕێگات دیارە
منیش ڕێگای خۆم
دووڕیان ناتوانێ کۆمان کاتەوە
ڕازێك لەناخم هەمیشە دەکوڵێ
مەگەر مەرگ بێ ساردی کاتەوە

(۴)
لەمەراقم مەهێڵەوە
گەنجیم خستە نێو لەپی تۆ...
ئەوەی هەمبوو بەتۆم بەخشی،
بوو بە کلی چاوانی تۆ...

لەمەراقم مەهێڵەوە
ژیان کورتە،
هەرخۆی یەك دەرفەتی پێیە.
ئەویشم لێ مەتارێنە،
کەخۆم کۆڵێ خەمم پێیە...

لەمەراقم مەهێڵەوە
بێژەو بڵێ:
بەیانییەك وەك چۆلەکە
دێمە بەردەم پەنجەرەکەت،
باڵەکانم دەکەمەوە...
چ ناسۆری ناخت هەیە،
بەباوەشێك دەسڕمەوە...

(۵)
فاڵچییەك گووتی:
لە لەپت دیارە
هەتاکوو تۆ هەی ناحەسێیتەوە،
ژینت حەسرەت و
دەردەسەرییە،
هەر ڕۆژ زامێکت لێ دەکولێتەوە...

لەوەتەی هەم و
ئەوەی بیرم دێ،
هەردەم گووتوومە، خۆزگەم بە دوێنێ!
ئەوەی ئاشنایە و
دەڵێ دۆستتم،
نەك گۆشتت دەخوا، ئێسکت دەشکێنێ...

(۶)
جارجار وەکوو مانگ دەرکەوە
باتریفەت
بڕژێتە نێو سۆزو هەستم
کاتێ کەتۆ خۆت ون دەکەی
دەبمە ڕووبارێکی سەرشێت
بەدەنگی پێی خۆشم پەستم

جێم مەهێڵە
لەنێوانی بەردەئاشی
ئەم ڕۆژگارە بێ سەرمەدە
جێم مەهێڵە
خەڵکی ئێستا
دڵیان هەمووی دەڵێی بەردە

جێم مەهێڵە
ئاشتم کەوە
لەگەڵ خۆم شیعرو ژیان
ئاشتم کەوە
لەگەڵ خۆت و
چاوی جوانی ئەستێرەکان

(۷)
لەنێو ڕۆحم چەکەرەی کرد
لەدواییدا
بێ باکانە بەجێیهێشتم
لێنەگەڕا پێبکەنم
جامی خۆشبەختی لێ ڕشتم

لەوەتەی من ئەو دەناسم
هەر ڕاڕایەو وەك "تەم" وایە
دەمێ دێتن دەورم دەدا
دەمێ ونە
نابینرێتن دەڵێی "با"یە

(۸)
عەیامێکە هەوڵدەدەم
لە نێو دڵما دەریبێنم
هەرهیچ نەبێ باسی نەکەم
لەبەر خۆمدا نەیدوێنم

لەگەڵ شیعر
چیتر نەچین بۆ دیداری
بیسڕینەوە
هەموو شون و ئاسەواری

هەرچی کردم دەربارەی ئەو
بێ هودە بوو هەوڵدانم
ئەوسا زانییم
نەك هەر بەشێك
بۆتە تەواوی ژیانم

(۹)
زۆر هەوڵیدا
جوانییەکانی
لەدیدی من بسڕێتەوە،
تاوام لێبێ
ڕقم لەئەو ببێتەوە...

کەچی ئەمن،
پێچەوانەی کرداری ئەو
هەر گوڵم چاند لەڕێگایدا!
نەمهێشت دڵم ژەنگ هەڵبێنێ...
نەمهێشت شیعرم ببێت بەبەرد،
شووشەی دڵی لێبشکێنێ...

(۱۰)
لە ئاسمانی ئەوینی من
هەربەتەنها تۆ ئەستێرەی
دەستم دەخەمە سەر دڵم
هەست پێدەکەم بەس تۆ لێرەی

ساڵانێکە
کەسانێ هەن
دەیانەوێ
بگەن بەقووڵایی هەستم
ساڵانێکە
کەسانێ هەن
دەیانەوێ
ببنە کڕۆکی هەڵبەستم

بەڵام ئەمن
دڵم لەئاست
گەرمی ئەوان ساردو سڕە
بۆساردی تۆش
ئاگردانێکی پڕ گڕە

(۱۱)
هەمووشەوێ،
لەتریفەی رووت
گۆزەی خەیاڵم پڕدەکەم
تا وەك شەونم
لەسەر لێوی کازیوەدا
باخچە پڕکەم لەڕەنگ و بۆ
بەڵام ئەفسووس
تۆ وەك من نیی
نازانم بۆ؟!

(۱۲)
ئەوێ ساردە
هەتاویشی،
پەنجەکانت دەتەزێنێ و
ناخت گەرم ناکاتەوە.
نیشتمانت ئەوێ نییە!
گوڵت لەوێ
هەرگیز دەمی ناکاتەوە...

بگەڕێوە خەونەکانت
لە غوربەتیدا مەنێژە،
هیچ کەس لەوێ بۆت نابتە پرد...
من باوەشم کراوەیە
ئەی ئەو خەونەی،
گەنجێتیمت لەگەڵ خۆت برد...

(۱۳)
هەولێرەکەم
شەکرە شارە دلێرەکەم
تۆ قەت ناشکێی
تا منارە ئاوا سەربەرز ڕاوەستابێ
تۆ قەڵایەك کەعبەو مێژوو و پێناسەتە
سەدان "هۆلاکۆ" و "عەفلەقی"
لەبەر دەمت دەبێ دابێ

(۱۴)
هەرجارێ لەگەڵی دەدوێم،
چاوەکانی
دەبن بەدوو ئەستێرەی گەش،
نەرم نەرم دەجریوێنن...
لێوەکانی
دەبن بە مێرگی دڵخوازم،
نواڵەی تازە سەر دەردێنن...

هەرجارێ لەگەڵی دەدوێم،
گوێچکەکانم
تژی دەبن لە گۆرانی.
لەنێو هەستم سەما دەکا،
پڕم دەکاتن لە جوانی.

ئای خودایە
تۆ پێم بڵێ
ئەو سەلارە،
بۆچی هێندە لام شیرینە؟
بۆچی هەردەم
لەئاسمانی خەیاڵمدا،
دیارە وەك پەلکە زێڕینە...

(۱۵)
هەروەکوو شەونم
هێندە بەنەرمی،
تك تك ڕژایتە مۆنادی عومرم..
تۆ واتلێکردم
کەوا بێ باك بم،
بەرگەی ڕۆژگاری تفت و تاڵ بگرم...

هەتا تۆم هەبێ
من هەر بەپێوەم،
وەکوو منداڵێ ژینم خۆش دەوێ.
دەپاڕێمەوە
تاجی شکۆی تۆ،
هەر لەسەرم بێ، هەرگیز نەکەوێ...

(۱۶)
لێ ناگەڕێ بینووسمەوە
ئەو وەکوو "با" داناکەسێ
تا ئەدرەسی لێ وەرگرم
سپێدەیەك دوای خەو زڕان
سەرێ لەماڵەکەی بدەم
لەگەڵ "ماملێ" چایەکی لا بخۆینەوە

لەوەتەی من بەبیرم دێ
ئەو وابووە
لەگشت شوێنێ ئامادەیە
کەچی هەر بێ شوێنیش بووە
لەهەموو شوێنێ دەیبینم
هەمووساتێکیش ون بووە

لێ ناگەڕێ بینووسمەوە
هەندێ کات وەکوو گڤەی "با"
دەنگی دەگاتە گوێچکەم و
دیار نامێنێ
منیش لەسوچێکی خەیاڵ
ئەژنۆکانم بەسنگمەوە دەنووسێنم
بەدەنگێکی کزو حەزین
لەبەر خۆمەوە دەبێژم
لێرە مەڕۆ
ئەو دێتەوە ئەو دێتەوە

لێ ناگەڕێ بینووسمەوە
بەیانییەك قژی بۆنکەم
لەسەر شووشەی پەنجەرەکەم
بۆی بنووسم: ژیان کورتە
دەبا چیتر چاوەڕوانیت
بڕستم لێ نەستێنێت و
چرای ڕۆحم نەکوژێنتەوە

ئەو هەروایە
لێ ناگەڕێ بینووسمەوە
ئەو وەك "بایە"
ئەرێ "با" دەنووسرێتەوە؟!

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی

۰
۰
زانا کوردستانی
زانا کوردستانی
مردی گمنام عاشق لیلا و رها...
شاید از این پست‌ها خوشتان بیاید