کاک "ڕێبوار تەها" بهناوی تهواوی "ڕێبوار تەها عەبدوڵڵا" شاعیر و وینەگری کورد، لە ساڵی ۱۹۸۰زایەنی لە شاری هەولێر دایک بوو.
ئایشا دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدینە.
ڕێبوار لە ساڵی ۱۹۹۶تا هێسا خەریکی نووسینن.

(۱)
له ساڵی دووهەزار و پەنجا و دوو بەولاوە
هەموو ئێوارانێک
لە ژێر سێبەری ئەو تابلۆیە شینە دادەنیشی
کە شەقامێکە و بەناوی من کراوە.
(۲)
هەزاران جار لە خودا پاڕامەوە
دەستم پێت بگات
دەستم پێت نەگەیشت
منداڵانە گۆتم: خودایه
ئەو چاکەیەم لەگەڵ بکە
خێرت دەگات.
(۳)
بەبێ تو
تاقەتی خواردنەوەی
یەک پەرداخ ئاویشم نییە
ئەدی ئەو هەموو ڕۆژە دوورییە
چۆن بەسەر ببەم؟!
(۴)
ئێستا لە هەموو کات زیاتر خۆشمدەوێی...
ئەوە قسەی هەموو کاتمە.
(۵)
گوتویانە: "چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێت"
ئەدی ئەو تاکە دڵەی من
ئەو هەموو شین و ڕۆڕۆیەی لە چییە؟!
(۶)
ناوی مردوویەکی تازەم دەوێ
لە گۆڕستانی کەسنەزان بینێژن
تەسبیحێکی قەزوان و بەرماڵێک و
کاسێتێکی وەلید ئیبراهیمی دەدەمێ بۆ بابمی ببات.
(۷)
دایکم کەوایەکی ڕەشی هەبوو
فرۆشتی بە کابۆیەکی شینی دا بۆ براکەم
باوکم کەڵەبابێکی دەنگ گەورەی هەبوو
فرۆشتی بە قوتوویەک شیری دا بۆ براکەم
ڕەشی دایکمم خۆشتر دەویست لە ئاسمانی شینی براکەم
دەنگی گڕی کەڵەبابی باوکمم پێ خۆشتربوو
لە گریانی برسیەتی براکەم
(۸)
لەپاش تو، وەمدەزانی
ئیدی لەسەر شەقامەكان كەس بە دەمی پێكەنینەوە نابینم
جارێکی تر كەس نوكتە ناگێڕێتەوە
چیتر سبەینان
خەڵك گوێ لە فەیرۆز ناگرێ
پێم وابوو نەمانت كارەساتێكی سروشتییە
پێویستی بەوە هەیە خەڵك دەست بە پێكەنینەوە بگرن
نەوەك نەمینێ
مردنت دزێك بوو
هەرچی خۆشی هەبوو لێی بردم
جاری وا هەبووە ویستوومە پێبكەنم
زەردەخەنەیەكی تۆم بیرهاتۆتەوە، گریاوم
وەكو بابم كاتێك بە نیازی پێچانەوەی جگەرەیەك
كیسەی تووتنەكەی دەردەهێنا
كەچی بەتاڵ بووە و كیسەكەی پێچاوەتەوە
ڕەنگە ڕۆژێك لە پەنایەك ڕێكەوتی زەردەخەنەیەك بكەم
وەكو ئەوەی تۆ ڕێكەوتی ئەو پارانەت دەكرد
كە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە پەنای لێفەكان دەتشاردنەوە.
(۹)
بابم هەرچی گۆتبی ڕاستە
بەڵام من پتر خۆشم دەوێی، نەوەك بابم
ئەتوش لەبیرت چووبی ئەمن لەبیری ناكەم
یەكەم ڕۆژ كه چوومە مەكتەب، تێر لۆم گریای
وەتدەزانی یەكەم ڕۆژی سەربازیمە
گوێم لێبوو سێ جار لەبەرخۆتەوە گوتت
ڕەبی داكت بمری.
كچێ ئەتو مەمرە با من بمرم
بەجێم مەهێڵە لەو دونیا ڕەشەی
وەك لەچكەكەت ڕەشە و بۆنی میهرەبانی وەك ئەو لێنایێ
تخوا با خەمی تو هەر ئەوەندە بی
كە ئەمن فێرە پیتی (د) نابم
با خەمت هەر ئەوەندە بی جەمەدانیەكەی بابمت نەشوشتیە
ئەمن شارەزای دڵی تومە
كە دەرەقەتی خەمی ئەو سەردەمە نایێ.
بە منداڵی تەماشای هێڵكارییەكانی دڵتم دەكرد
وەمدەزانی خراپبوونی دڵت هی ئەوەیە كە ئەو هێڵانە خواروخێچن
زۆرجار دەمگوت چەند باش دەبوو گەر دڵی دایكم ڕاست و ڕاست لێیدابوایە
ئۆدێ، بریا هێڵكاری دڵت وەكو ئەو دونیایە خواروخێچ دەبوو
نەوەك ڕاست و ڕاست وەك بەڵێنەكانت.
(۱۰)
له چایخانەیەک دانیشتبووم
گوێم لە گۆرانی بێزاریە بێزاریەی ئەردەلان بەکر گرتبوو
بە شاگردەکەم گوت:
پارچە کاغەزێکم بۆ بێنە
بۆتم نووسی:
وەکو داوی نێوان مۆمێک بوویتە دەمار،
لە ناخمدای و
هێواش هێواش دەمسووتێنی.
(۱۱)
لام سەیربوو جاران دەیانگوت
ژنی ئەو ماڵە مەگیرانی بە سووتووی جگەرە دەكات
هەیە ئێستا لەو كاتە
هەموو ئارەزووی قاپێك شێلمە
پیاو هەندێك جار یەك جگەرە بە ملیۆنێك دەكڕێ
هەزاران گەنجی پەنابەر ئێستا خەون بە لەچكی دایكیانەوە دەبینن
ئەمن چم دەوێ ئێستا؟
بابم پێم بڵێ: وەرە پشتم بخورێنە.
(۱۲)
لە بیرتە؟
هەموو جار کە دەربڕینەکم درێژ دەکردەوە
پێت دەگۆتم: دەرێی قەیسەری چەند بە پێچ و پەنای.
قسەی توە، قەیسەری دەمارە، پڕە لە ئاڵۆزی، بەس لە کۆتاییدا هەر دێتەوە ناو دڵ.
(۱۳)
چاوەڕێتم
دیسان نایەی
نینۆکەکانم بە ددانم دەقرتێنم
لە کورتە نامەیەک بۆت دەنووسم:
هەمیشە وەک دوێنێی قەت نایەی
دە ڕۆژێک ببە سبەی و وەرە.
(۱۴)
هەر شیعرێکی من بخوێنیتەوە
چەندین فاریزە دەبینی،
دەستی سڵاویان بۆ یەکەم پیتی ناوت بەرز کردۆتەوە
خاڵێک دەبینی بۆ کۆتا پیتت دەمی داخستوە.
لە ژیانی مندا پارچە زێڕێکی
سەد شوختی خەم بەرتکەوێ
سەد ساڵ بەندی نێو دەستێک بی و
لە دەلاقەیەک بکەوی
بە یەک بینین
دەتتوێنمەوە و هەمان جوانیت لێ دروست دەکەم.
(۱۵)
دانه دانه تاڵی سپی
لە ناو پرچە ڕەشەکەت دەبینم
وەکو ئەوە وایە
لەسەر جادەیەکی قیڕ
هێڵە سپییە پچڕ پچڕەکان ببینم
پیر مەبە
ئەگینا ئەو تاڵە سپییانە
ڕێگای ژيانم دەگۆڕن و من وەردەگەڕێم.
(۱۶)
مادام هەر دەڕۆى
چاكەيەكم لەگەڵ بكه
قسەيەكى ڕەق بنێ به دڵمەوه و
ورد و خاشى بكه
وەكو سەربازێکی برينداری بەجێماو
بەو ئازارەوه بەجێم مەهێڵه
دەى...
ڕەحمم پێ مەكه
بڵێ له ژيانم تۆم خۆشنەويستووه.
(۱۷)
دهزانم ههتاسهر بهشم ناکا
چهند خراپه!
چهند زوو دهشکێ!
ههر دهڵێی دهستی دووه ئهو دڵهی من
بهرگهی هیچ ناگرێ.
(۱۸)
غهریبیتان دهکهم
تهواف کردنهکانی چواردهوری قهرات
غهریبیتان دهکهم
پیاسه پڕ زهوقهکانی
کۆڵانه بۆن پهنیر و ژاژییهکهی قهیسهری
غهریبیتان دهکهم
لهبۆتان شێتم
فڕکردنی فنجانێک ئاوی شێڵغهم
له دهلالخانهی نهمر
وهخته شێت بم لهبۆتان
برادهره دڵ تهڕهکانی تهیراوه
بهیانیت باش ههولێر
بهیانییه پڕ تاسهکانی ئێستات باش
بهیانییه بێ گهنجه دڵگهرمه گیرفان ساردهکانت باش
بهیانیت باش
ئهی ئهو شارهی لهناومدایت و لهناوت دانیم
بهیانی مناره بەژن زراڤەکەت باش
بهیانی شێخهڵڵای گەرم و گوڕت باش
بهیانی کورانه بێ گهنجه یاخییهکانیت باش
بهیانیت باش ههولێر
بهیانی خانهقای پڕ دهنگی تێکدانی چایه گهرمهکانی جاران و
گهڕهکی پشیلانی ئێستات باش
ئهگهر منت بیرماوە
بهیانیت باش ههولێرهکهم.
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی